تۆمارکردنی بەشی (دیوارەکانی هەڵکۆڵین). وێنە: گرایم بارکەر
ئەنجامدانی هەڵکۆڵین لەلایەن جێس تویمان و جێگر خەلیل. وێنە: گرایم بارکەر
پرۆژەکە لەلایەن پرۆفیسۆر گرایم بارکەر (زانکۆی کامبریج) بەڕێوە دەبرێت، لەگەڵ د. تیم رەینۆڵدس (بێرکبێك، زانکۆی لەندەن) کە سەرپەرشتی کاری هەڵکۆڵین دەکات و، پرۆفیسۆر کریس هەنت (زانکۆی جۆن موریسی لیڤەرپول) بۆ لێکۆڵینەوی ژینگەی دێرین و زیندەزانیی دێرین و، د. ئێما پۆمیرۆی (زانکۆی کامبریج) بۆ لێکۆڵینەوە لە ئێسك و پروسکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هاوچەرخ.
کۆمەڵێك شارەزای هەڵکۆڵینی پیشەیی لەلایەن رێکخراوی متمانەی کانتەربێری بۆ شوێنەوارناسی (Canterbury Archaeological Trust) دابین کراون، لەگەڵ تیمێك لە شارەزایان و توێژەرانی دەرچووی دکتۆرا و خوێندکاری دکتۆرا سەرقاڵی کارکردن دەبن بە مەبەستی ئەوەی تیشکی نوێ بخەنە سەر ژیان و مردنی ئەو مرۆڤە نیاندەرتاڵ و مرۆڤە هاوچەرخانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاون. لێرەدا دەتوانیت زیاتر لەبارەی ئەم تیمەوە بزانیت.
ئامانجی ئێمە
ئەم پرۆژەیە یارمەتیمان دەدات لەوە تێبگەین کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە باشوری رۆژئاوای ئاسیا چۆن خۆیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا گونجاندووە، بە بەراورد بە ئەو مرۆڤە هاوچەرخانە (مرۆڤی ژیرانە) لە پاش نیاندەرتاڵەکان و لە دەوروبەری ٤٥،٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاون.
لوغزێکی گەورە لە ئەنترۆپۆلۆژیای دێرین (زانستی مرۆڤناسی لە دێرزەماندا)دا هەیە کە بۆچی مرۆڤی نیاندەرتاڵ بە نزیکەیی ٤٠،٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لەناوچوون دوای ئەوەی سەدان هەزار ساڵ توانیویانە ژیان بەدەر ببەن و دەرباز بن و، لە هەمان کاتدا مرۆڤی هاوچەخ توانیویەتی تا ئەمڕۆکە رزگاری ببێت. یەکێك لە بیرۆکەکان پێی وایە کە نیاندەرتاڵەکان کەمتر خۆگونجێنەر بوون بە بەراورد بە مرۆڤی هاوچەرخ.
بیردۆز و رێبازە شوێنەوارناسییەکان لە پاش دۆزینەوەکانی راڵف سۆلیکییەوە رێگایەکی زۆریان بڕی و، لەبەر ئەوەیشە کە ئەم پرۆژە نوێیە دەیەوێت کۆمەڵێکی تەواو لە رێبازە شوێنەوارناسی و زانستییەکان بەکار بهێنێت لەپیناو ئەوەی مێژووی ووردتری ئەوە بدات بە دەستەوە کە مرۆڤە هاوچەرخ و نیاندەرتالەکان کەی ئەو ئەشکەوتەیان بەکار هێناوە و، لەپیناو ئەوەیشی کە وردەکاریی ووردتر تۆمار بکات سەبارەت بەوەی بارودۆخە ژینگەییەکان چۆن بە درێژایی کات گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و، هەروەها بۆ تێگەیشتنێکی باشتریش سەبارەت بەوەی مرۆڤە نیاندەرتاڵ و هاوچەرخەکان چۆن لەو ئەشکەوتە و دەوروبەرەکەی ژیاون.
هەڵکۆڵین و تۆمارکردنی پاشماوەکانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە بەشی شانەدەر زێد لە زانینی قووڵییەکەی لەلایەن سۆلیکییەوە. وێنە: گرایم بارکەر
تیمەکە ئەمەی بە هەڵدانەوەی چاڵە بنەڕەتییەکەی سۆلیکی بەدەست هێنا، ئەمەیش بۆ نزیکەی ١٠ مەتر لە ژێر رووی زەوییەوە و، ئەنجامدانی هەڵکۆڵینی بچوکی زۆر وورد لەسەر گشت لایەکی دیوارەی چاڵەکە بەرەو خوارەوە بۆ تۆمارکردنی ریزبەندی چینە شوێنەوارییەکان و کۆکردنەوەی نمونە بە مەبەستی پشکنین و شیکردنەوەی گەرد و تۆزەکانی و، پێکهاتە و پێکهاتە کیمیاییەکانی خاکەکەی و، پشکنینی (DNA) بۆ ئێسك و پروسکی ئاژەڵە دێرینەکان و قاوغی لوولپێچەکان و، خەڵووز و، کەرەستە بەردینەکان و کەرەستە دەستییەکانی دیکە.
شێوازی ژیان و مردنی مرۆڤە نیاندەرتاڵەکان
دۆزینەوەیەکی پێشبینینەکراوی چەند پاشماوەیەکی نوێی مرۆڤە نیاندەرتاڵەکان خەلاتێکی سەرەنجڕاکێش بوو. ئەمەیش بووە هۆی ئەم قۆناغەی ئێستای پرۆژەکە کە لەلایەن دامەزراوەی جۆن تێمپڵتۆنەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت و، جەخت لە پاراستن و شیکردنەوەی پاشماوە نیاندەرتاڵەکانی بەشی شانەدەر زێد دەکات کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دەرهێنراون. ئەم قۆناغەی پرۆژەکە هەوڵی ئەوە دەدات شیکارییە شوێنەوارناسییە پێشکەوتووەکان بۆ پاشماوە نیاندەرتاڵییەکان و، هەڵکۆڵینە نوێیەکان و لێکۆڵینە نوێیەکانی تایبەت بە ئەو پاشماوە نیاندەرتاڵییانەی لەلایەن تیمی سۆلیکییەوە دۆزراونەتەوە پێکەوە گرێ بدات بۆ ئەوەی تیشکێکی نوێ بخاتە سەر ئەوەی کە نیاندەرتالەکانی دانیشتووی ئەشکەوتی شانەدەر چۆن مامەڵەیان لەگەڵ مردووەکانیان کردووە و، داخۆ ئەم مامەڵەیەیان مەراسیمی بەخاکسپاردنی لەخۆ گرتووە و ئایا شوینی تایبەتی سەر رووی زەوییان بەکار هێناوە بۆ ناشتنی مردووەکانیان.
مەراسیمی بەخاكسپاردن بەشێکە لە رەفتاری ئاڵۆزی هێماییانە و نیشانەیەکی تایبەتی مرۆڤایەتیمانە؛ گشت کەلتورە هاوچەرخەکان ئەم مەراسیمانە پیادە دەکەن و زۆربەی جاریش شوێنی تایبەت بۆ مردووەکان تەرخان دەکەن. هەرچەندە ئەوە هێشتا تەنها باس و مشتومڕێکە کە داخۆ نیاندەرتاڵەکان، وەك نزیکترین خزمی گەشەسەندنمان، وەکو ئێمە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ مردووەکانیان کردبێت، ئەمەیش لێکەوتەی گرنگی دەبێت لەسەر تێگەیشتنمان لەبارەی بناغە گەشییەکانی رەفتارە ئاڵۆزە هێماییەکان و هەست و سۆزەکان.
سەرەوە لە لای راست: وێنەی گوڵەهێرۆیەکە لە نزیك ئەشکەوتی شانەدەر سەوز بووە لەلایەن راڵف سۆلیکی گیراوە. لەگەڵ پسپۆری هەڵاڵە، ئارلێت لێرۆی-گورهان، سۆلیکی سوور بووە لەسەر ئەوەی کە نیاندەرتاڵەکانی شانەدەر ٤ بە ئەنقەست مردووەکانیان لەسەر رایەخێك لە گوڵ، لە نێویشیاندا گوڵەهێرۆ، ناشتووە، ئەمەیش بە پێی ئەو هێشووە هەڵاڵانەی لە دەوروبەری ئێسکەکان دۆزراونەتەوە. زنجیرەی ١.٧ وێنەی فۆتۆگرافی و سلاید ١٩٥٠ – ٢٠١٧، سندوقی ٥٦، فۆڵدەری 'وێنەکانی شانەدەر (هەندێك رەنگ)، ماوەی ١٩٥١ – ١٩٦٠'، راڵف س. و رۆز ل. بەڵگەنامەکانی سۆلیکی، ئارشیڤی ئانترۆپۆلۆژیی نیشتمانی، دامەزراوەی سمیسۆنیان. وێنەکە لەلایەن کایلا کوبل کراوە بە دیجیتاڵی.
بەشێکی ئەم مشتومڕەش بە هۆی ئەو راستییەیە کە شوێنەوارناسان پێویستە زیاتر پشت بە "دووبارە خوێندنەوەی" هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکان ببەستن لەبەر ئەوەی کە پاشماوە سەرەکی و جومگەییە نوێیەکانی نیاندەرتاڵەکان بە دەگمەن دەدۆزرێنەوە. دۆزینەوەکانی ئێمە لە ئەشکەوتی شانەدەر دەرفەتێکی بێوێنە بەردەست دەخەن بۆ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە ئەو مشتومڕەدا. ئێمە مەبەستمانە ئەوە بەدۆکیومێنت بکەین کە داخۆ هیچ بەڵگەیەك لەبارەی مامەڵەکردنیان لەگەڵ تەرمی مردووەکانیان، بۆ نمونە ناشتنێکی بەمەبەست لە 'گۆڕێکی' هەڵکەندراو یان دانانی گوڵ و گژوگیا لەگەڵ تەرمەکەدا (کە لەلایەن سۆلیکییەوە مشتومڕی زۆری لەبارەوە کراوە سەبارەت بە یەکێك لە نیاندەرتاڵە دۆزراوەکانی ئەشکەوتی شانەدەر کە راستەوخۆ لە تەنیشت پاشماوەی دۆزراوەی نوێ هەلکەوتوون)، هەروەها داخۆ ئەوان بە مەبەستی ناشتنی مردووەکانیان لە چەند کاتێکی جیاوازدا بۆ هەمان شوێن گەڕاونەتەوە.
لەبارەی تازەترین لێکۆڵینەوەکانمانەوە زیاتر بزانە.
تەمویلکردن
کاری ئێستامان لە ئەشکەوتی شانەدەر لەلایەن دامەزراوەی جۆن تێمپڵتۆن تەمویل دەکرێت (کە بە ئێما پۆمەرۆی و گرایم بارکەر بەخشراون)
پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر پێزانینی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو تەمویلانەی لەلایەن ئەم لایەنانەوە بەخشراون:
ئەکادیمیای بەریتانی (تیم رەینۆڵس؛ کریس هەنت؛ ئێما پۆمەرۆی؛ لوسی فار)
پەیمانگای بەریتانی بۆ لێکۆڵینەوە لە عێراق (گرایم بارکەر)
لیژنەی د. م. ماکدۆناڵد بۆ خەڵات و بەخشین، زانکۆی کامبریج (گرایم بارکەر؛ ئێما پۆمەرۆی)
رێکخراوی متمانەی لیڤەرهیوم، بەخشینی پرۆژەی لێکۆڵینەوە – ٢٠١٣ – ١٠٥ (گرایم بارکەر)
ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی ژینگەی سروشتی، وێستگەی رادیۆکاربۆنی زانکۆی ئۆکسفۆرد (گرایم بارکەر)
ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی ژینگەی سروشتی، پرۆگرامی راهێنانی خوێندینی دکتۆرای زانکۆی کامبریج (ئێمیلی تیلبی)
دامەزراوەی خێزانیی رەست (گرایم بارکەر)
کۆمەڵەی شوێنەوار (گرایم بارکەر)
دامەزراوەی وێنەر گرێن بۆ لێکۆڵینەوەی ئەنترۆپۆلۆژی (ئێما پۆمەرۆی، گرایم بارکەر)
هەروەها، کارەکانی دیاریکردنی مێژوو بە روناکیی بیناییانەی بزوێنراو (OSL) و چەند کارێکی دیکەی دیاریکردنی مێژوو بە پشکنینی کاربۆن ١٤ لەلایەن ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی ئەوروپی لەژێر پرۆگرامی چوارچێوەی یەكێتی ئەوروپا (پرۆگرامی چوارچێوەی حەوتەم/٢٠٠٧ - ٢٠١٣)/ ئەنجومەنی ژیاندنەوەی ئەوروپی (ERC)، رێکەوتننامەی بەخشینی ژمارە (324139)ی پرۆژەی 'پالایۆکرۆن' (PalaeoChron) بەخشراون بە تۆم هایەم (تاقیگەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی و مێژووی هونەر، زانکۆی ئۆکسفۆرد).
سەبارەت بە پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر زیاتر بزانە
زیاتر بزانە سەبارەت بە دۆزراوەکانی پرۆژەکە، وەك ئەوەی کەشوهەوا چۆن بووە کاتێك مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هاوچەرخ ئەشکەوتەکەیان بەکار هێناوە و، هەروەها وەك جۆری ئەو بەڵگانەی لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە.
ئەو شوێنەوارناس و مرۆڤناس و زانایانە ببینە کە ئەزموونی خۆیانیان هێناوە یارمەتیمان بدەن لە تێگەیشتن لە ژیانی ئەوان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کاتێکی وەك دە هەزاران ساڵ پێش ئێستا.
بڵاوکراوەکان و، راگەیاندن و سەرچاوەکان
لێرەدا بڵاوکراوە زانستنی و گشتییەکانمان و چەند سەرچاوەیەکی دیکە لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ببینە
بگەڕێوە بۆ شوێنێکی دیار و ناسراو
دوای ٥٠ ساڵ کە تێیدا هیچ کنە و پشکنینێك لە ئەشکەوتەکەدا ئەنجام نەدرا، دواتر لە ساڵی ٢٠١١، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆفیسۆر گرایم بارکەر نزیك بوویەوە، کە ئەوکات سەرۆکی بەشی شوێنەواری زانکۆی کامبریج بوو، بۆ ئەوەی هەڵکۆڵینی نوێ لە ئەشکەوتەکەدا ئەنجام بدات و، بەم شێوەیە پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر هاتە بوون. پرۆژ
ەکە کارێکی هاوبەشە لە نێوان زانکۆی کامبریج و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان (بەڕێوەبەری گشتی: کەیفی موستەفا عەلی) و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران (بەڕێوەبەر: عەبدولوەهاب سولەیمان).