کۆتا لێکۆڵینەوە
خوێندنەوەی وێنەی مایکرۆسکۆبی ئەلیکترۆنی کە پاشماوەی سووتاوی خۆراکی رووەکی (پاقلەمەنی یان نیسك) لە ئەشکەوتی شانەدەر نیشان دەدات کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ٧٠،٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. وێنەکە لەلایەن سیرین کابوکو.
*** ئەنجامە نوێیەکان – چێشتلێنانی نیاندەرتاڵەکان! ***
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی سەرنجڕاکێش لەلایەن تیمی پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر بە سەرپەرشتی سیرین کابوکو (زانکۆی لیڤەرپول)، ئەوە دەردەخات کە نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی شانەدەر چێشتیان لە نیسك و پاقلە و دانەوێڵە لێناوە (و بە رێکەوت بوونەتە هۆی سووتانی) لە ماوەی ٧٠،٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا. ئەو پێکهاتە خۆراکییانە لە پێش لێنان هاڕدراون بۆ ئەوەی توێژاڵە تام تاڵەکانی ئەو تۆوانە لابدەن و ئاسانتری بکەن بۆ هەرسکردن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو راستییەی کە نیاندەرتاڵەکان بە تەواوەتی بەشە تاڵەکانیان لانەداوە رەنگە بە واتای ئەوە بێت کە ئەوان بە راستی حەزیان لە تامی تاڵ کردووە! هەروەها خواردنی هاوشێوە لەلایەن مرۆڤی هاوچەرخیش لە ئەشکەوتی شانەدەر لە نزیکەی ٤٠،٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا بەرهەم هێنراوە.
لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە خواردنی نیاندەرتاڵەکان هەمیشە جەخت لە خوردنی گۆشت دەکەن، بەڵام ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەو بەڵگەیە زیاد دەکات کە رووەکیش بەشێکی دیکەی گرنگی خواردنی نیاندەرتاڵەکان بووە و، ئەوەش کە حەزیان بە هەندێ تامی تاڵ لە خوردنەکانیان کردووە. لێرە دەتوانێت زیاتر لەبارەی ئەم لێکۆڵینەوەیە بزانیت.
ئەنجامەکان لە پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر
پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر چاڵە هەڵکۆڵدراوە بنەڕەتییەکەی راڵف سۆلیکیی بەرەو قووڵییەك بە نزیکەی ١٠ مەتر هەڵدایەوە. ئێمە کۆمەڵێك 'ستونی نمونەسازی'مان بە نزیکەیی ٣٠ بە ٣٠ سم بەرەو خوارەوەی دیوارەی چاڵەکە هەڵکۆڵی بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی وورد لە چینە شوێنەوارزانییەکان لەپێناو دابینکردنی چەند نمونەیەکی پێویست بۆ کۆمەڵێکی تەواو لە شیکارییە تایبەتمەندییەکان.
هەروەها چەند چاڵێکی بچوکمان بە چواردەوری شوێنەکانی شانەدەر ١ و ٣ و ٥ –ی نیاندەرتاڵە دۆزراوەکانی سۆلیکی بە قووڵیی نزیکەی ٣ – ٤ مەتر هەڵکەند و، بە قووڵیی نزیکەی ٧ – ٨ مەتر لەو شوێنانەی کە ئەو کۆمەڵە پروسکی تاکەکانی دۆزییەوە و بە شانەدەر ٤ و ٦ و ٨ و ٩ ناوی نان، ئەمەیش بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانیاریی نوێ لەبارەی ئەوەی کەی و چۆن پاشماوەی نیاندەرتاڵەکان لەوێدا جێگیر بوون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری (سۆران) دەستکراوانە مۆڵەتی ئەوەیان پێداین هەندێ ماددەی شوێنەوارزانی بە بارمتە و بۆ مەبەستی شیکاری ببەینە دەرەوە، ئەمانەیش پێکهاتبوون لە: کەرەستەی هەڵبژێردراوی بەردین، پارچەی ئێسك و پروسکی ئاژەڵ و مرۆڤ و، پارچەی گیاندارە نەرمۆڵە قاوغدارەکان و، خەڵوز بۆ دووبارە دروستکردنەوەی پێکهاتەی رووەکییان و دیاریکردنی مێژوویان بە کاربۆنی تیشکدەر و، هەروەها چەندین نمونەیەکی جیاوازی نیشتەنییەکان بە مەبەستی شیکارییان بۆ دۆزینەوەی هەڵاڵە و، شیکاریی نیشتەنیزانی و جیۆکیمیایی و، هەروەها بۆ دیاریکردنی مێژووی بە روناکیی بیناییانەی بزوێنراو (OSL) و بە کاربۆنی تیشکدەر.
لای راست: کاری هەڵکۆڵین لە ئەشکەوتی شانەدەر لە ساڵی ٢٠١٨. وێنە: گرایم بارکەر
گشت نیشتەنییە هەڵکۆڵدراوەکانی دیکە بە سیستمی تانکیی سەرئاوخستن چارەسەر دەکرێن بە مەبەستی ششتنەوەی گشت ماددە سووتاوەکان و هەر تەنێکی دیکەی بچوكی وەك ئێسکی بچوکی ئاژەڵان و تۆو و دانەوێڵە و توێژاڵی کەرەستە بەردینەکان. دوای وشککردنەوەیان، زۆر بە ووردی تەماشا دەکرێن و بۆ ئەو ماددە شوێنەوارزانییانەی لە ٢ ملم گەورەترن دەپشکنرێن.
لای چەپ: ئەو پاشماوانەی لە لەسەرئاوکەوتنەکەوە بەدەست دەهێنرێن بە مەبەستی بە دەستهێنانی بەڵگەی مایکرۆسکۆبیی شوێنەوارزانییانە جیا دەکرێنەوە.
وێنە: گرایم بارکەر
ژیان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە چاخی بەردینی کۆن
چاخی بەردینی کۆن مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هاوچەرخ ("مرۆڤی برادۆستی")یشی بەخۆوە بینیوە کە جێگەی ئەوانیان گرتەوە و ئەشکەوتەکەیان بە شێوەیەکی سەرەکی وەك وێستگەیەك بۆ راوکردنی وەرزییانە بەکار هێناوە. بەڵگەمان لەسەر ئاگردانە بچوکەکانیان و ئێسکی ئەو ئاژەڵانەی خواردوویانن و پاشماوەی سووتاوی مایکرۆسکۆبی ئەو رووەکانە دۆزیوەتەوە کە پێمان دەڵێت ئەو خەڵکە چییان خواردووە.
سەرەوە: بزنەکێوی تا ئەمڕۆکە لە دەوروبەری ئەم شوێنە دەژین و بە شێوەیەکی فریودەرانە بە گاشەبەردە ستوونییەکان بەسەر دەکەون: پێویست بە هەندێ شارەزایی دەکات تا بتوانیت بیانگریت! وێنە: جەیمس هۆڵمان. لای چەپ: ئامرازێکی بەردینە کە لەلایەن نیاندەرتاڵەکانی شانەدەرەوە بەکار هێنراوە. وێنە: ئێما پۆمەرۆی.
سەرەکیترین جۆری ئەو ئاژەڵانەی لەلایەن نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی هاوچەرخی چاخی بەردینی کۆنەوە راو کراون بزنە کێویی خێرا بووە کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەیانبینین لە ناوچەی پارێزراوی شوێنەواریی ئەشکەوتی شانەدەر دەلەوەڕێن و بەسەر قەدپاڵە نیمچە ستونییەکان هەڵدەگەڕێن. دێنە ناو ئەشکەوتە بۆ ئەوەی لە کانیاوێکی پشت شوێنی هەڵکۆڵینەکان ئاو بخۆنەوە، بە هەمان شێوەی ئاژەڵە دڕندەکانی وەك کەمتیار و گورگ.
نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی هاوچەرخیش ئاژەڵی بچوکی وەك کیسەڵیان راو کردووە و، ماسیان لە روباری زێی گەورە لە نزیك ئەشکەوتەکە گرتووە و لوولپێچ و چەندین رووەکی جیاوازیشیان کۆکردووەتەوە.
ژینگەکە شێوەی چۆن بووە؟
لوولپێچ و گیانەوەری بچوك تایبەتمەندی ئەو ژینگانەن کە حەزیان لێ بووە لێی بژین. بە لێکۆڵینەوە لە پاشماوەکانیان و ئەوەی کە چ جۆرە ئاژەڵێك لە هەر کاتێکی دیاریکراودا هەبووە، دەتوانین وێنەیەکی تێروتەسەل دروست بکەین لەسەر ئەوەی کە ژینگەکە لە رابردوودا چۆن بووە و چۆن گۆڕانی بەسەردا هاتووە تا گەیشتووە بە ئێستا.
ئەو شیکارییانەی د. ئیڤان هیڵ لەسەر لوولپێچ و پاشماوەی گیانەوەری بچوك ئەنجامی داون ئەوە نیشان دەدەن کە نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤە هاوچەرخەکانیش لە ماوە گەرمەکاندا کاتێك کەش هاوشێوەی ئێستا بووە لەناو و لە دەوروبەری ئەشکەوتەکە ژیاون.
لای چەپ: ئەو قاوغە لوولپێچانەی ئەمڕۆ لە نزیك ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراونەتەوە: ١ – جۆری ئاشوریلا: زۆر بەربڵاوە لە هەموو شوێنێکی ئەم دۆڵە. ٢ – جۆری هێلیسێلا: لەسەر گیای بەرز و لەسەر گاشەبەردەکان بەربڵاون. ٣ – جۆری کرۆندرولا: بەربڵاو نییە، لە نێو گەڵای وەریو دۆزراونەتەوە. ٤ – جۆری ئۆرکولا: دەگمەنە، لە نێو گەڵای وەریو دۆزراونەتەوە. ٥ – جۆری ئێنا: بەربڵاو نییە، لە نێو گەڵای وەریو و لەسەر دارەکان دۆزراونەتەوە. لای راست: قۆڵە قرژاڵێك لە هەڵکۆڵینەکانی ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، وەها گومان دەکرێت لە روباری زێی گەورە لە شیوەکەی خوارەوەی هێنرابێت. وێنە: ئیڤان هیڵ.
خەڵاتێك کە بە هیچ شێوەیەك پێشبینی نەکرابوو دۆزینەوەی پاشماوەی شوێنی ئێسکەپەیکەرێك بوو، کە لە شوێنەوارزانیی نیاندەرتاڵدا ئێجگار دەگمەنە. هەروەها، ئەمەیش وەها ناسرایەوە لانیکەم هی دوو کەس بووە.
شانەدەر ٥
لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا، چەند ئێسکێکی لاق و پێیەکان و چەند پارچەیەکی پەرش و بڵاوی بڕبڕە و دەست و سمتی نیاندەرتاڵێکمان دۆزییەوە. ئەم ئێسکانە هێشتا لەژێر پشکنینی توێکارین و، پشکنینی ووردی توێکارییانە و پشکنینی شوێنەکانیان بە شێوەیەکی قایلکەر وەها نیشان دەدات کە هی هەمان ئەو نیاندەرتاڵەی راڵف سۆلیکی بێت کە بە شانەدەر ٥ ناسراوە.
نیشاندەرە سەرەتاییەکان وەهان کە پاشماوەکانی شانەدەر ٥ دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٤٥،٠٠٠ بۆ ٥٠،٠٠٠ ساڵ. بە داخەوە، هەرچەندە هەوڵمان دا راستەوخۆ مێژووی ئەو پاشماوانە دیاری بکەن و (DNA)ی کۆنی دەربکەین، هیچ پارێزراوییەکمان لە پێکهاتە ئۆرگانییەکانی ئەو ئێسکانە دەست نەکەوت کە بۆ ئەم جۆرە شیکارییانە پێویستن.
پاشماوە نوێیەکانی نیاندەرتاڵەکان
بەشی خوارەوەی لاقی شانەدەر ٥ لە ساڵی ٢٠١٥ دەرهێنرا. دەکرێت ئێسکەکانی قولەپێ لە سەرەوەی وێنەکە ببینرێت. وێنە: گرایم بارکەر
شانەدەر زێد و کۆمەڵەی شانەدەر ٤ و ٦ و ٨ و ٩
لە ساڵی ٢٠١٦، چەند ئێسکێکی دیکەی نیاندەرتاڵمان لە نزیك ئەو شوێنە دۆزییەوە کە تیمەکەی سۆلیکی نیاندەرتاڵی شانەدەر ٤-یان تێدا دۆزییەوە (کە بە نێژراوی گوڵڕێژ'یش دەناسرێت بە هۆی ئەو هەڵاڵانەی ناو ئێسکەکان کە سۆلیکی و شارەزای بواری هەڵاڵە ئارلێت لیرۆی-گورهان ووتوویژیان لەبارەیەوە کردبوو و بەوە گەیشتن کە شانەدەر ٤ لەسەر رایەخێك لە گوڵ نێژراوە). کاتێك ئێمە ئێسکی نوێمان لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ هەڵکۆڵی، کەللـەسەرێکی تێکشکاوی نیاندەرتاڵێکی پێگەیشتوومان دۆزیینەوە کە کەوتبووە سەر قۆڵ و بەشی سەرەوەی جەستەی (هێشتا نەمانزانیوە کە هی پیاوە یان ئافرەت!). ئێسکەکان زۆر نەرم بوون. لەبەر ئەوەش، بۆ ئەوەی بۆ هەڵکۆڵینیان پارێزراو بن، بە هۆی هەندێ ماددەی کیمیایی شیاوی توانەوە هەستاین بە رەقکردنیان پێش ئەوەی دەربهێنرێن لە کاتێكدا کە هێشتا لەناو خاکدابوون.
لای چەپ: پاوڵ بێنێت (چەپ)، گرایم بارکەر (ناوەڕاست) و ئێما پۆمەرۆی (راست) تاوتوێی ئەو کەللـەسەرە تازە دۆزراوە زۆر تێکشکاوەی شانەدەر زێد دەکەن کە لە ٢٠١٨ دۆزرایەوە. وێنە: گرایم بارکەر.
وەها پێدەچێت کە بەشی خوارەوەی جەستەی شانەدەر زێد لەلایەن تیمەکەی سۆلیکی لە ساڵی ١٩٦٠ لادرابێت کاتێك کە 'نێژراوی اگوڵڕێژ'ی شانەدەر ٤ و هەر یەکە لە شانەدەر ٦ و ٨ و ٩-یان دەرهێناوە. لەبەر ئەوەی ئێسکی شانەدەر ٤ زۆر نەرم و نیان بووە، تیمەکەی سۆلیکی لەبەر وریاییان لە هەڵکۆڵینەکەیان بۆ مۆزەخانەی عێراق، تەواوی ئێسکەپەیکەرەکەیان بە یەك پارچە بلۆك لە نیشتەنییەکان دەرهێناوە، بەڵام نەیانزانیوە کە ئەو پارچە بلۆکە لانیکەم ئیسکەپەکەری سێ نیاندەرتاڵی دیکەیشی لەخۆ گرتووە تا ئەو کاتەی کە دەستیان بە لابردنی کردووە! بەشی خوارەوەی جەستەی شانەدەر زێد پێدەچێت لە ئەو پارچە خاکەدا بووبێت. تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان شانەدەر زێد و کۆمەڵەی شانەدەر ٤ و ٦ و ٨ و ٩ بەشێکی گرنگی ئەم کارەی ئێمە پێك دەهێنێت.
چەند چینێك هەن بەڵگەی ژیانی رۆژانەیان تێدایە کە دەکەونە سەرەوەی یان لە دەوروبەری پاشماوەکان، بۆیە تەنها یەك تاکە دەرفەتمان لە بەردەستە تەکنیکی هەڵکۆڵینی وورد و دروست و زانستی مۆدێرن بەکار بهێنین بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە نیاندەرتاڵەکان لە ئەشکەوتی شانەدەردا چۆن ژیاون و چۆن مردوون.
هەر دۆزینەوەیەك سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ژیان و مردن لەم شوێنە تایبەت و دەگمەنەدا بە دەست بێت دەبێتە یارمەتییەك بۆ ئەو مشتومڕە گەورەیەی سەبارەت بە وێکچوون یان جیاوازی لە رەفتار و بیرکردنەوەی نیاندەرتاڵەکان لەگەڵ رەفتار و بیرکردنەوەی خۆمان هەیە.
بە لادانی پارچە خاكێکی ساغ و، دانانی لەناو کەتیرەدا و لێکۆڵینەوە پارچەی تەنك تەنکی لەژێر مایکرۆسکۆبدا، توانیمان زۆر شت بزانین لەسەر ئەوەی کە پاشماوەکان چۆن هاتوون لەوێ جێگیر بوون. ئەم شیکارییە مایکرۆسکۆبییەی نیشتەنییەکان ئەوە نیشان دەدات کە ئێسکەکان لە چاڵێکی تەنکدا بوون کە بە مەبەست هەڵکەندراوە و، هەندێك پارچەی رووەكی لێ بووە کە هەڵگیراوە. چەند بەردێك دەرکەوتن کە خراونەتە نزیك سەری تەرمەکە و، پشکنینی دیاریکردنی مێژووی بە روناکیی بیناییانەی بزوێنراو (OSL) ئەوە نیشان دەدات کە نێژراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٧٠،٠٠٠ بۆ ٧٥،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر.
راڵف سۆلیکی (پێشەوە لای چەپ)، ت. دەیل ستیوارت (پشتەوە لای چەپ) و جاكس بۆرداز (پشتەوە لای راست) باسی پاشماوەکانی شانەدەر ٤ (ناوەڕاست) دەکەن، کە راستەوخۆ دەکەوێتە تەنیشت پاشماوە تازە دۆزراوەکانی شانەدەر زێد. وێنە: راڵف سۆلیکی
لای راست: دیمەنی پێشەوە و پشتەوەی ئەو قاوغە هەڵکۆڵدراوەی لوولپێچەکە بۆ نزیکەی ٣٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. پێوەری دووری: ٥٠٠ مایکرۆن. وێنە: کریس هەنت
مرۆڤی هاوچەرخ لە ئەشکەوتی شانەدەر
هەڵکۆڵینە تازەکان هەندێ بەرچاوڕوونیی سەرنجڕاکێش لەسەر ژیان و رەفتاری سەرەتاییترین مرۆڤی هاوچەرخ (مرۆڤی ژیر) پێشکەش دەکەن سەرباەت بەوەی کە ئەشکەوتەکەیان بەکار هێناوە. لەگەڵ ئەمەشدا پارچە قاوغێك کە هێڵی هەڵکۆڵدراوی لەسەرە هەیە کە رەنگە وەك خشڵ لەبەر کرابێت. یەکێك لە پرسیارەکانی ئێمە ئەوەیە داخۆ نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤە هاوچەرخە سەرەتاییەکان هەرگیز لە هەمان کات و شوێندا پێکەوە ژیاون، یان هیچ نەبێت تێکەڵ بە یەکدی بوون لەو کاتانەی کە ئەشکەوتەکەیان بەکار هێناوە.
دەفتەری مەیدانیی راڵف سۆلیکی کە باسی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری شانەدەر ١ دەکات (زنجیرەی ١-١ وەرزی ١-٤ یاداشتی مەیدانی، رێبەر و یاداشتی دۆزینەوە، ١٩٥١ – ١٩٦٣، سندوقی ژمارە ٤، دۆسێیەی 'راڵف سۆلیکی – عیراق، مۆزەخانەی بەغداد، ١٩٥٧'، بەڵگەنامەکانی راڵف س. و رۆز ل.، سۆلیکی، ئەرشیڤی ئەنترۆپۆلۆژیی نیشتمانی. وێنە لەلایەن مۆڵی کامف.)
لێکۆڵینەوەی ئەرشیڤی
سەرباری دۆزینەوە تازەکان، ئەندامانی تیمی پرۆژەکە کاریان لەسەر ئەرشیڤەکانی راڵف و رۆز سۆلیکی کرد. بەشێکی ئەو ئەرشیڤانە لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیویۆرك پارێزراون و، بەشی زۆریشی کە لە ماڵی سۆلیکیدا بووە لە ئەرشیڤی ئەنترۆپۆلۆژیی نیشتمانی لە دامەزراوەی سمیسۆنیان لە شاری واشینتۆن لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانراون.
ئەو ئەرشیڤانە بڕێکی زۆر لە تۆمارە دەوڵەمەندەکانی سۆلیکی لە شانەدەر و شوێنەکانی دیکە پێشکەش دەکەن و تۆماری هەڵکۆڵین و وێنە و وێنەی کێشراو و دەستنوس و نامە و نوسراوی ئاڵوگۆڕکراو و فیلم و چەند نمونەیەك لە ئامراز و کەرەستەی بەردین و ئێسکی ئاژەڵان لەخۆ دەگرێت. ئەمانەیش یارمەتیدەر دەبن لە پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی نوێ لەسەر کارە پێشەنگەکەی سۆلیکی و دۆزینەوەکانیان لە ئەشکەوتی شانەدەر و لە زەوی چەمی شانەدەر.
سەبارەت بە پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر زیاتر بزانە
زیاتر بخوێنەرەوە لەسەر دۆزینەوەی ئەو پاشماوانەی نیاندەرتاڵ کە بە "شانەدەر زێد (Z)" ناسراون و، هەروەها لەسەر لێکۆڵینەوەی بەردەوام لەسەر ژیان و مردنیان.
بڵاوکراوەکان و، راگەیاندن و سەرچاوەکان
لێرەدا بڵاوکراوە زانستنی و گشتییەکانمان و چەند سەرچاوەیەکی دیکە لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ببینە