هەڵکۆڵینەکانی پێشوو لە ئەشکەوتی شانەدەر
یەکەمین هەڵکۆڵینی شوێنەوارزانی لە ئەشکەوتی شانەدەر لەلایەن د. راڵف سۆلیکی لە دامەزراوەی سمیسۆنیان و دواتریش لە زانکۆی کۆلەمبیای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە رابەرایەتی کراوە. تیمەکەی سۆلیکی کۆمەڵێك شارەزای لەخۆ گرتبوو وەك مرۆڤناسی دێرین (زانای ئەنترۆپۆلۆژیی دێرین) ت. دەیڵ ستیوارت و، شوێنەوارناس فیڵ سمیس و جۆرج مارانجیان و، هەروەها تیمێك لە کرێکارانی خۆجێی و، لە هەمان کاتیشدا، رۆز س. سۆلیکی، ژنی راڵف، سەرپەرشتیی هەڵکۆڵینەکانی شوێنی کشتوکاڵیی سەرەتایی لە زەوی چەمی شانەدەر کردووە کە نزیکی ئەشکەوتەکەیە.
تیمەکە چاڵێکی گەورەیان لە ناوەڕاستی ئەشکەوتەکە هەڵکەند کە بە ١٤ مەتر لەژێر رووی زەوییەکەوە گەیشتە بەستەری (بناغەی) بەردین لە لێواری باکورینی چاڵەکەوە (کە پێی دەووترێت 'پەیدانەوە' یان 'زانینی قوولایی'). ئەوان دینامیتیان بۆ تەقاندنەوەی هەندێك لەو بەردە گەورانە بەکار هێناوە کە لە بنمیچی ئەشکەوتەکەوە کەوتبوونە خوارەوە. لە ماوەی ئەو هەڵکۆڵینانەی سۆلیکی، ئەشکەوتەکە لەلایەن ئەو شوانکارە و ئاژەڵدارانەوە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا بەکار دەهێنرا کە لە هاویناندا بە کۆچەری لەگەڵ ئاژەڵەکانیان بەرەو کوێستانەکانی چیاکانی زاگرۆس دەڕۆیشتن.
راڵف و رۆز سۆلیکی لە دەرەوەی بنکەی پۆلیسی گوندی شانەدەر، لە دەوروبەری ١٩٥٦ – ١٩٥٧. زنجیرەی ١.٧ی وێنە و سلایدەکانی ١٩٥٠ – ٢٠١٧، سندوقی ژمارە ٥٦، دۆسێیەی 'وێنەکانی شانەدەر (هەندێك رەنگ)، لە دەوروبەری ١٩٥١ – ١٩٦٠'، راڵف س. و رۆز ل.، بەڵگەنامەکانی سۆلیکی، ئارشیڤی ئەنترۆپۆلۆژیی نیشتمانی، دامەزراوەی سمیسۆنیان. وێنە لەلایەن سۆفیا کارۆل کراوە بە دیجیتاڵی.
پلانی ئەشکەوتی شانەدەر، کە چاڵە شوێنەوارییەکە نیشان دەدات (خۆڵەمێشیی تۆخ، لە ناوەڕاست) و پەرژینی ئاژەڵ و پەناگەی ئەو کەسانەی لە ئەشکەوتەکە دەژیان. وێنە: راڵف سۆلیکی.
راڵف سۆلیکی ریزبەندی گشت چینەکانی ناو ئەشکەوتەکەی لە سەردەمی ئێستاوە تا سەردەمی چاخی بەردین دەستنیشان کرد. بۆ پوختکردنەوەی دۆزینەوەکانی، ئاستەکانی خوارەوەی بە "چینی دی" ناوزەد کرد و بەو ئامرازە بەردینە موستیریانە دەست نیشانی کردن کە تێیاندا بووە. یەکەمین مرۆڤی هاوچەرخ، مرۆڤی ژیر، لە چینی (سی)دا بوون، کە بە ئامرازی بەردینی چاخی بەردینی ژوورین یان 'برادۆستی' تایبەتمەندن.
لای راست: بەشی هێڵکاریی وێنەی کێشراوی ئەو چینە شوێنەوارییانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر لەلایەن راڵف سۆلیکییەوە هەڵکۆڵدراون.
شانەدەر ٤ و ٦ و ٨ و ٩
شانەدەر ١
شانەدەر ٥
شانەدەر ٣
نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی شانەدەر
لە ساڵی ١٩٥٣، تیمەکەی راڵف سۆلیکی یەکەمین پاشماوەی نیاندەرتاڵیان دۆزییەوە کە هی منداڵێك بوو لە نزیکەی ٨ مەتر لەژێر رووی زەوییەوە. هەر مرۆڤێکی نیاندەرتاڵی دیکە کە لەلایەن تیمەکەی سۆلیکییەوە دواتر دۆزرایەوە بە ژمارە ناونران و، ئەمەی دواتریان بە شانەدەر ٧ ناونرا.
لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا، تیمەکە پاشماوەی هەشت نیاندەرتاڵی دیکەیان دۆزییەوە، کە ژن و پیاو و منداڵ بوون. ئەوان هی دوو سەردەم بوون کە تێیاندا نیاندەرتاڵەکان ئەشکەوتەکەیان بەکار هێناوە، بە نزیکەیی لە دەوروبەری ٤٥،٠٠٠ – ٥٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر سەبارەت بە (شانەدەر ١ و ٣ و ٥) و، هەروەها بە نزیکەیی ٧٥،٠٠٠ ساڵ بۆ هەر یەکە لە (شانەدەر ٢ و ٤ و ٦ و ٧ و ٨ و ٩).
لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو نیاندەرتاڵانەی کە دۆزرانەوە لەلایەن د. ت. دەیڵ ستیوارت و، دواتریش لەلایەن پرۆفیسۆر ئێریك ترینکاوس ئەنجام درا. ئەمەی دواییان کتێبێکی رێنیشاندەری لەبارەی پاشماوەکان لە ساڵی ١٩٨٣ بە ناونیشانی 'نیاندەرتاڵەکانی شانەدەر' بڵاو کردەوە.
لای راست: هەڵکۆڵینەکانی سۆلیکی لە ساڵی ١٩٦٠ کە ت. دەیڵ ستیوارت کە سەرقاڵی هەڵکۆڵینی شانەدەر ٤ و شوێنی هەندێك نیاندەرتاڵی دیکەی ئەشکەوتی شانەدەر نیشان دەدات.
دڵسۆزی و چاودێریکردن؟
چەندین نیاندەرتاڵی ئەشکەوتی شانەدەر بەڵگەی گرنگ لەسەر سۆز و هۆگریی نیاندەرتاڵەکان بۆ کەسانی هاوەڵیان بەردەست دەخەن.
شانەدەر ١ لە ماوەی ژیانیدا برینی سەختی بە خۆیەوە بینیوە، وەك برینێك لە سەریدا کە رەنگە بووبێتە هۆی کوێرکردنی چاوی چەپی و، قۆڵی چەپی ئیفلیج بووە و چەندین شکانی پێوە بووە و لە سەرەوەی ئانیشکییەوە لەدەستی داوە (کە رەنگە بڕابێتەوە) و، چەند شکانێك لە ئێسکەکانی پێیدا و، کەڕی و، ئێسکی هەوکردەی یەخەیشی هەبووە. بەوەی کە رزگاری بووە و گەیشتووەتە ئەو تەمەنە (نزیکەی ٤٥ ساڵ) رەنگە ئەو بخاتە روو کە لەلایەن نیاندەرتاڵە هاوەڵەکانییەوە چاودێری کراوە.
شانەدەر ٣ کونە برێنێکی لەسەر پەراسووەکانی هەبووە کە بە شێوەی نیمچەیی ساڕێژ بووەتەوە لەو کاتەی کە مردووە. هاوێژراوێکی بەردینی وەك سەرەڕم سنگی کون کردووە و لەوانەیە سییەکانیشی بریندار کردبێت. پیش ئەوەی بمرێت ئێسکەکەی لەو جێگایەی برینەکەی دەستی بە ساڕێژبوونەوە کردووە. ئەمەیش وەها نیشان دەدات کە لانیکەم بۆ چەند مانگێك لە دوای برینداربوونەکەی ژیاوە.
لای چەپ: کەللـەسەری شانەدەر ١، کە پێکانێك لە چاوی چەپی نیشان دەدات. خاوندارێتی وێنە بۆ پرۆفیسۆر ئێریك ترینکاوس. لای خوارەوە: پەراسووی شانەدەر ٣ بەڵگەی برێنێکی کونکەر نیشان دەدات کە دەستی بە ساڕێژبوونەوە کردووە. خاوەندارێتیی وێنەکە بۆ پرۆگرامی بنچینەکانی مرۆڤ، مۆزەخانەی نیشتمانیی مێژووی سروشتی، دامەزراوەی سمیسۆنیان
Buried on a bed of flowers? Shanidar 4
ئێسکەپەیکەری شانەدەر ٤ لە شوێنی خۆیدا کە بە دۆخی ئەژنۆ لەسەر سینگ پاك کەوتووە. زنجیرەی ١.٧ وێنەی فۆتۆگرافی و سلاید ١٩٥٠ – ٢٠١٧، سندوقی ٥٦، دۆسێیەی ' شانەدەر ٤ و بۆچوونەکان، ماوەی ١٩٥١ – ١٩٦٠، ١٩٩٩'، راڵف س. و رۆز ل. بەڵگەنامەکانی سۆلیکی، ئارشیڤی ئانترۆپۆلۆژیی نیشتمانی، دامەزراوەی سمیسۆنیان. وێنەکە لەلایەن مۆڵی کامف کراوە بە دیجیتاڵی.
"ناشتنی گوڵڕێژ"ی شانەدەر ٤
دۆزینەوەیەکی دیکەی بەناوبانگ لە ئەشکەوتی شانەدەر بریتی بوو لە "ناشتنی گوڵڕێژ". ئەمانەیش بریتی بوون لە پاشماوەی نیاندەرتاڵێکی تەمەن پێگەیشتووی نێرینە کە چۆك بە سینگ لەسەر لای چەپ پاڵ کەوتووە.
زانای هەڵاڵە د. ئارلێت لیرۆی گوورهان چڕییەکی زۆر بەرزی لە هەڵاڵە لە نمونەکانی دەوروبەری ئێسکەکان بە بەراورد بە جێگاکانی دیکەی ئەو شوێنە دۆزییەوە. ئەو هەڵاڵەیە بە گرمۆڵە و کڵۆ کڵۆ بووە و، ئەمەیش وەها دەگەیەنێت هەبوونی گشت گوڵەکانی نزیك پاشماوەکان لە ٧ جۆر بوون، وەك: گوڵە عەنبەر، کلکە ئەسپی دارین، گوڵە هێرۆ، کەرتەشی و، بەرسیلەی ترێ.
ئارلێت لیرۆی گوورهان و راڵف سۆلیکی هەردووکیان باسیان لەوە کردووە کە تەنها روونکردنەوەیەك ئەوەیە کە گوڵەکان لەگەڵ تەرمەکە خراونەتە گۆڕەکەوە، ئەمەیش بۆ کاتی خۆی جێی مشتومڕی زۆر بووە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی کە زۆر کەس هێشتا لەو باوەڕەدا بوون کە نیاندەرتاڵەکان کەمتر ژیر بوون بە بەراورد بە مرۆڤی ژیر، مرۆڤی هاوچەرخی خۆمان.
شرۆڤەکردنی 'ناشتنی گوڵرێژ' هێشتا وەك باسێکی جێی مشتومڕ دەمینێتەوە. هەندێك لێکۆڵەر باس لەوە دەکەن کە هەندێك قرتێنەری کونکەرەی وەك جرجی کێوی ئەو گوڵانەیان هێناوە بۆ ناو ئەو کونانەی خۆیان کە لە نزیك ئێسکەکان هەڵیان کەندووە. هەندێك لێکۆڵەری دیکە پێیان وایە ئەو هەڵاڵانە لەگەڵ پێڵاو و جلوبەرگی ئەندامانی تیمی هەڵکۆڵین هاتووە، یان تەنانەت ئەو گوڵانەی کە سۆلیکی تۆماری کردوون هەندێك لە کرێکارەکان بە پشتێنی خۆیانیان کردبێت.
مەراسیمی دیکەی نیاندەرتاڵەکان بۆ مردوو
هەروەها راڵف سۆلیکی باسی لەوەش کردووە کە لە کاتێكدا هەندێك لە نیاندەرتاڵەکان بە بەردی بەربووەوە لە بنمیچی ئەشکەوەتەکە مردوون، هەندێکی دیکەیان شیوەنیان بۆ ئەو مردنەیان گێڕاوە لەو کاتەی کە نیاندەرتاڵەکانی هاوەڵیان بەردیان لەسەر تەرمەکانیان کەڵەکە کردووە (شانەدەر ١) و، هەروەها لەبەر خاتریان مەراسیمیان گێڕاوە (شانەدەر ٥). لەگەڵ ئەوەشدا، ئەستەمە ئەو بسەلمێنرێت داخۆ ئێسکی سووتاوی ئاژەڵەکان پتر هی مەراسیمەکانی ناشتن بووە لەوەی کە هی پاشماوەی خواردنی رۆژانە بێت، هەروەها ئەوەی کە کەڵەکە بەردەکان لەلایەن نیاندەرتاڵەکان خۆیان بووبێت لەوەی کە بە هۆی کەڵەکەبوونی سروشتی بووبێت.
لەگەڵ ئەوەی کە ئەم شرۆڤانە هێشتا جێی گفتوگۆ و مشتومڕن، ئێستا بە فراوانی ئەوە قەبوڵ دەکرێت کە نیاندەرتاڵەکان هەندێك جار مردووەکانیان ناشتووە و، بەڵگەکانی ئەشکەوتی شانەدەر تا ئێستا بەڵگەی سەرەکین بۆ ئەو بۆچوونانەی تایبەت بەو کاتەی کە بۆ یەکەم جار مرۆڤ توانای دەربڕینی هاوسۆزی و شیوەنگێڕان بۆ مردووەکانیان هەبووە.
گۆڕستانی سەرەتای چاخی بەردینی نوێ
بەرەو بەشی پاشەوەی ئەشکەوتەکە، تیمەکە لە ساڵی ١٩٦٠ پاشماوەی ٣٤ مرۆڤی هاوچەرخیشیان دۆزییەوە کە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای چاخی بەردینی نوێ، بە هەمان شێوەی ئەو کەسانەی کە لە نزیکەی ١١،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەستیان بە کاری کشتوکاڵ کردووە.
ئەو نێژراوانە بە نزیکەیی هی هەمان سەردەمی شوێنی گوندێکی کشتوکاڵییە کە لەلایەن رۆز س. سۆلیکی دۆزراوەتەوە لە کاتێکدا راڵف سەرقاڵی پشکنینی ئەشکەوتەکە بووە. ئەم گوندەش بە زەوی چەمی شانەدەر (یان زەوی چەمی دوور شانەدەر) دەناسرێت. ئەم شوێنە دەکەوێتە نزیك روباری زێی گەورە و گوندی نوێی شانەدەر.
لای راست: مانشێتی "گۆڕستانی سەرەتای چاخی بەردینی نوێ لە ئەشکەوتی شانەدەر"، کە لەلایەن (Texas A&M Press) لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاو کراوەتەوە.
سەبارەت بە پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر زیاتر بزانە
زیاتر بزانە لەسەر ئەو کارانەی لە پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر ئەنجام دەدرێن، لە نێویشیاندا ئەو پاشماوانەی کە بە "شانەدەر زێد" دەناسرێن کە لە ساڵی ٢٠١٦ دۆزرانەوە و لە ئێستادا بابەتی توێژینەوە و ووتووێژن.
ئەو شوێنەوارناس و مرۆڤناس و زانایانە ببینە کە ئەزموونی خۆیانیان هێناوە یارمەتیمان بدەن لە تێگەیشتن لە ژیانی ئەوان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کاتێکی وەك دە هەزاران ساڵ پێش ئێستا.
بڵاوکراوەکان و، راگەیاندن و سەرچاوەکان
لێرەدا بڵاوکراوە زانستنی و گشتییەکانمان و چەند سەرچاوەیەکی دیکە لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ببینە