شانەدەر زێد
شانەدەر زێد بدۆزەرەوە
لە کاتی دەردانەوەی 'چاڵە قووڵەکەی' راڵف سۆلیکی لە ساڵی ٢٠١٦، چەند ئێسکێکی دەستمان دۆزییەوە کە هی مرۆڤی هاوچەرخ یان هی مرۆڤی خزمی نزیك بووە. پاش پشکنینی ووردی دیوارەی چاڵەکە کە تا ئەو هەڵکەندنەی سەردەمی راڵف سۆلیکی دەردرایەوە، شوێن و سەرچاوەی ئێسکەکان ناسرایەوە: بریتی بوو لە چڕییەك کە تێیدا قەفەسی سێنگ و ئێسکی زیاتری دەست لە نزیكەی ٧.٥م لە خوار رووی ئێستای ئەشکەوتەکە دۆزرایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە هۆی نزیکەی ٢ مەتر لە نیشتەنی و بەردی گەورە کە لەسەر پاشماوەکان بوون، لە ساڵی ٢٠١٨دا توانرا دەست بە هەڵکۆڵینی ئەو پاشماوانە بکرێت کە دەکەونە سەرەوە. ئەمەیش بووە هۆی ئاشکراکردنی کەللـەسەرێکی ساغ کە بە شێوەیەکی پانبووەوە و تێکشکاو، بەڵام تایبەتمەندی کەنارەی ئەستووری ئەبرۆی نیاندەرتاڵی پێوە مابوو، لەژێر ئەو کەللـەسەرەیش چەند ئێسکێکی دەستی چەپ و بەشی سەرەوەی قەفەسی سێنگ هەبوون. ئێسکەکانی قەفەسی سێنگ و بڕبڕە لە ساڵی ٢٠١٩ هەڵکۆڵدران.
چاڵی نمونەی وەرگیراو بۆ پشکنینی (OSL)
پەراسوو
هێڵی بڕینێکی گریمانەیی
دەستی راست
بەرد
چینی دەوڵەمەند لە رووی کەلتورییەوە
بۆشایی تا رادەیەك پڕ لە بەردی بریشە (بەردی پێکەوەنوساو)
وێنەی بەشەکە (دیوارەی چاڵەکە) شوێنی پاشماوەکانی شانەدەر زێد نیشان دەدات کاتێك کە یەکەم جار دۆزرایەوە. پێوەر: ٣٠ سم. وێنە: گرایم بارکەر
سەرەوە: کەللـەسەری شانەدەر زێد لە کاتی هەڵکۆڵیندا کە لە سەرەوە نیشان دراوە. لە خوارەوەی ئەوەش شانەکان و قۆڵی چەپە (لە خوارەوەی لای چەپ) و ئینجا قەفەسی سینگ دێت (لە خوارەوەی لای راست). ئاراستەی باکور دەکەوێتە لای چەپی وێنەکان. وێنە: گرایم بارکەر
ئاڵنگاری دەرهێنانی پاشماوەکان
ئێسکەکان ئێجگار نەرم بوون و خۆڵەکەی چواردەوریانیشان بە هەمان شێوە نەم بوو، بۆیە زۆر زەحمەت بوو ئێسکەکان بە سەلامەتی دەربکرێن. لەبەر ئەوەش، لەناو خاکەکەدا بە هۆی ماددەی توندکەر (بریتییە لە کەتیرەیەك کە ئێسك هەڵی دەمژێت) جێگیر کران و ئینجا بە بەشی بچوك بچوك بەرز کرانەوە.
نمونەی بە وریایی تۆمارکراو لە چواردەوری ئێسکەکان وەرگیران بۆ ئەوەی سەبارەت بە هەبوونی هەڵاڵە (تۆزی گوڵ) و، پێکهاتەی کیمیایی خاکەکە و (DNA)ی ژینگەیی بپشکێنرێن. هەروەها نمونەیەك لە خاکەکە بۆ شیکاریی مایکرۆمۆرفۆلۆژی (پێکهاتەیی) وەرگیراوە. پاشماوەکان لە ئێستادا بە خواستن لەلای تیمی پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر دەبێت بە مەبەستی پارێزگاریکردن و چاککردنەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر پێش ئەوەی بگەڕێنرێنەوە بۆ کوردستانی عێراق.
تەماشای د. ئێما پۆمەرۆی بکە باسی نیاندەرتاڵە تازە دۆزراوەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر بۆ زنجیرەی سیمینارەکانی گارۆد دەکات لە بەشی شوێنەوارزانی لە زانکۆی کامبریج لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠.
بەشەکانی تری جەستە لە کوێ بووە؟
بەشی سەرەوەی جەستەی مرۆڤی نیاندرتال ی پێگەیشتوو بە تەواوی دروستکراوەتەوە جگە لە ئێسکی بازووی ڕاست لە شوێنێکی توێکاریدا (بەرجەستە). بەڵام بەشی خوارەوەی جەستەکە لە کوێ بووە؟
شانەدەر Z، دەکەوێتە ئەو شوێنەی پاشماوەکانی جەستە تێیدا دۆزرانەوە، لە تەنیشت هەمان شوێن کە تیپی ڕالف سولیکی شانەدەر ٤ "ناشتێنگەی گوڵ" لە ساڵی ١٩٦٠ هەڵکۆڵینیان کردووە، پێدەچێت کە لە کاتی پرۆسەی هەڵکۆڵین و لادانی چینی کەڵەکەبوو بەشی خوارەوەش لادرا بێت. و ئەمەش ئەمە دەخاتەڕوو کە شانەدەر Z لە کۆمەڵێك مرۆڤی نیاندرتاڵ پێکهاتووە کە لە شانەدەری ٤ دۆزراونەتەوە، و کۆمەڵەکەش لە دوو ئافرەت (شانەدەر ٦ و شانەدەر ٨) و منداڵێک (شانەدەر ٩) پێکهاتووە. ئەمەش واتای ئەمە دەگەیەنێت کە لە کاتی لێکۆڵینەوە پاشماوەکانی شانەدەر Z، دەرفەتێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشمان بۆ ڕەخساوە بۆ، نە تەنها ناسینی ژیان و مردن لە شانەدەر Z، بەڵکو ئەگەری ئەوەش هەیە کە زیاتر لەبارەی ئەندامانی ئەم کۆمەڵە ناوازەیە کە شانەدەری ٤ و ٦ و ٨ و ٩ یان لەخۆگرتووە.
لای چەپ: وێنەی شانەدەر ٤ لە شوێنی خۆیدا (ناوەڕاست)، لەگەڵ راڵف سۆلیکی (خوارەوەی لای چەپ)، ت. دەیڵ ستیوارت (سەرەوە لای چەپ) و جاکس بۆرداز (سەرەوە لای راست). وێنەی راڵف سۆلیکی. لای راست: دیوارەی چاڵەکە کە پاشماوەکانی شانەدەر زیدی تێدا دۆزراوەتەوە. وێنە: گرایم بارکەر. لە هەردوو وێنەکەدا، هەمان بەرد (١) و تیرە ستونییەکە (٢) ناویان لەسەر دانراوە و یارمەتی دەدات لە دەستنیشانکردنی هەمان ئەو شوێنە.
ئایا شانەدەر زێد بە مەبەست نێژراوە؟
مشتومڕێکی گەورە لەسەر رەفتاری نیاندەرتاڵەکان لە ئارادایە داخۆ بە شێوەیەکی هێمایی مامەڵەیان لەگەڵ مردووەکانیان کردووە. دەکرێت ئەم جۆرە مامەلەیە ناشتنی بەمەبەستیش لەخۆ بگرێت. تەواوی و پێکەوەیی یان ئەو ئێسکەپەیکەرەی شانەدەر زێد ئەوە دەخاتە روو کە دوای مردنەکەی بە خێرایی نێژراوە بۆ ئەوەی مردووخۆرەکان تەرم و پاشماوەکەی تێك نەدەن.
بە مایکرۆسکۆب تەماشاکردنی بلۆکێکی ساغ لە نیشتەنیی دەرهێنراوی نزیك جەستەکە (لە خوارەوە)، دەبینین کە نیشتنەییەکانی چواردەوری ئێسکەکان تۆخترن لەوەی ژێر جەستەکە و، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە جەستەکە بە خاکێکی نیشتەنیی جیاواز داپۆشراوە و لەوانەیشە کە نێژرابێت.
دروستکردنەوەی دۆخی جەستەی شانەدەر زێد بەو شێوەیەی کە نێژراوە. وێنە: ئێما پۆمەرۆی
هەروەها دەتوانین ئەوە ببینین کە هەرچەندە جۆگەیەکی سروشتیی ئاو لەژێر جەستەکەوە هەبووە، ئەمە بە بەمەبەست هەلکەندراوە بۆ ئەوەی قووڵتر بکرێت، چونکە نیشتەنییەکەی ژێرەوەی پەستێندراوترە. هەروەها چەند پارچەیەکی بچوك لە پاشماوەی رووەکی هەڵگیراویش لە هەندێ شوێنی بەتاڵی بچوك لەناو نیشتەنییەکە هەیە. شیکارییە بەردەوامەکان هەوڵی ئەوە دەدەن ئەوە دەستنیشان بکەن کە هی چ رووەکێکە و چۆن گەیشتووەتە ئەوێ.
سلایدی پشکنینی ووردی پێکهاتەی (مایکرۆمۆرفۆلۆژیی) نیشتەنییەکە پێکهاتەی ئەو چینانە نیشان دەدات کە لەخۆی دەگرێت و دەکەوێتە ژێر شانەدەر زێد. ئەو رەنگە تایبەتەی ئەو نیشتەنییەی ئێسکی نیاندەرتالی تێدایە بە بەراورد بە نیشتنەییەکەی ژێرەوەی روونترە. وێنە: گرایم بارکەر. وێنەی مایکرۆمۆرفۆلۆژی: لوسی فار.
قووڕولیتەی فۆسفاتی
نیشتەنییەکانی سەر رووی ناوەوەی ئەشکەوتەکە
نیشتەنییەکانی سەر رووی ناوەوەی ئەشکەوتەکە
ناوچەی پتەو و کەمبوونەوەی بۆشایی کونەکان
پەراسوو
لەپڕ بەیەكگەیشتنی چینەکان (بڕان یان هەڵکەندن)
تێگەیشتن لەبارەی شانەدەر زێد و ژیانیان
پاش ئەوەی گشت ئێسکەکان لە بلۆکی بچوك بچوکی نیشتەنییەکان دەرهێنران، هەنگاوی یەکەم بریتی بوو لە پاكکردنەوەیان و جێگیرکردنی پاشماوەکان بۆ ئەوەی بتوانین بە تێروتەسەلی لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکەین. بە مەبەستی یارمەتیدانی پاککردنەوەکە، بلۆکە بچوکەکان وێنەی تیشکی (micro-CT scan)یان لە سەنتەری زیندەوەرزانیی کامبریج بۆ گیراوە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات لەوەی بە دروست بزاین هەر بلۆکێك چی تێدایە. وێنەی تیشکی (micro-CT scan) بریتییە لە وێنەی تۆمۆگرافی بە بەکارهێنانی تیشکی ئێکس کە هاوشێوەی ئەو تیشکی (CT scan)یە کە خەڵك لە نەخۆشخانەکان بۆیان دەگیرێت، بەڵام بە ئاستێکی زۆر بەرزتر لە وردەکاری.
سەرچاوەی تیشکی ئێکس
پاڵپشتیی رێگری تیشك
ئامێری تێرنتەیبل
پارچەی ئێسك لە چینە تەنکەکاندا
یەکێك لەو بلۆکی نیشتەنی و ئێسکانەی شانەدەر زێد لە تیشکی سی تی سکان لە سەنتەری زیندەزانیی کامبریج کە ئامادە کراوە بۆ سکانکردن. وێنە: ئێما پۆمەرۆی
لە ئێستا، د. لوسیا لۆپێز پۆلین، پسپۆری ئێمە بۆ پارێزکاری، کار لەسەر پاککردنەوە و دەرهێنانی ئێسکەکان لەناو نیشتەنییەکانی دیکە دەکات. بە بەکارهێنانی ماددەیەکی نوسێنەر جێگیریان دەکات و، بەشەکانی ئێسکەپەیکەرەکە پێکەوە بەیەك دەگەیەنێتەوە؛ ئەوەش ئاڵنگارێکی گەورەیە کە تەمەنیان چەندە و لەپاش دەیان هەزار ساڵ لە ناشتنیان لە ژێر چەندین مەتر خاکدا چۆن تێکشکاون. ئەمە بەرچاوڕوونی نوێ بەردەست دەخات لەسەر ژیان و تەندروستیی شانەدەر زێد و، ئێمەیش بە پەرۆشین زیاتر بزانین لەبارەی ئەوەی کە کێ بوون.
لای چەپ: وێنەی مایکرۆ سی تی سکان (لە سەرەوە) ئەو ئێسکانە نیشان دەدات کە لە یەکێك لەو بلۆکانەی نیشتەنییەکان هەن. لێرەدا، دەتوانین دوو ئێسکی پەنجە لەناو نیشتەنییەکان ببینین و، هەمان ئەو ئێسکانە بە پاککراوی و جێگیرکراوی لە وێنەکەی خوارەوە دەردەکەون. وێنە: ئێما پۆمەرۆی و لوسیا لۆپێز پۆلین
تەمەنی شانەدەر زێد چەند بووە کاتێك کە مردووە؟ ئایا ئەو پیاوێك یان ئافرەتێك بووە؟
یەکێك لەو شتە سەرەتاییانەی دەکرێت لەبارەی شانەدەر زێدەوە بووترێت ئەوەیە کە ئەو کەسی پێگەیشتووی بەتەمەن بووە کاتێك مردووە. ددانەکانی زۆر داخوراون، ئەمەیش پێدەچێت بە هۆی رژێمێکی خواردنی رەق و زبر بووبێت و لەوانەیشە ددانەکانی پێشەوەی وەك دەستێکی دیکە بەکار هێنابێت وەك ئەوەی زۆربەی نیاندەرتاڵەکان کردوویانە. بە بەراوردکردنی ژمارەی ددانە رزیوەکانی لەگەڵ ئەو نیاندەرتاڵانەی تەمەنیان بە بەکارهێنانی رێباری دیکە خەمڵێندراوە، دەتوانین وەهای بخەمڵێنین کە تەمەنی لە دەوروبەری ٤٥ – ٥٥ ساڵ بووە کاتێك کە مردووە.
ئەوەی کە داخۆ نێر یان مێ بووە هێشتا رازێکی نەزانراوە. ئێسکەکانی سمت (حەوز) باشترین ئێسکن بۆ دەرخستنی رەگەزی مرۆڤی پێگەیشتووی نیاندەرتاڵ، هەر وەك ئەوەی لە مرۆڤی هاوچەرخدا بەدی دەکرێت، بەڵام ئێمە ئێسکی سمتی شانەدەر زێدمان نییە. هەروەها بە تایبەتمەندییەکانی کەللـەسەریش دەتوانرێت پێشبینی رەگەز بکرێت، بەڵام ئەو کەللـەسەرە خەسڵەتی روونی نێر یان مێ لەخۆ ناگرێت ئەوەندی کە ئێمە دەیبینین.
چەپ
راست
کاکیلەی سێیەم
کاکیلەی دووەم
کاکیلەی یەکەم
پێش کاکیلەی دووەم
پێش کاکیلەی یەکەم
کەڵبە
کاکیلەی یەکەم (شکاوە)
کاکیلەی دووەم (شکاوە)
چاککردنەوەی سێ رەهەندی (3D) لە تیشکی مایکرۆ سی تی سکان ددان و بەشی خوارەوەی شەویلگەی شانەدەر زێد نیشان دەدات. ددانەکان بە سەختی رزیون و، ئەمەیش ئەوە نیشان دەدات کە ئەم کەسە چەندین دەیە ژیاوە. وێنە: ئێما پۆمەرۆی
کاری ئایندە
هەر کاتێك کاری پارێزکاری و چاککردنەوە تەواو ببێت، شیکاریی زیاتری تاقیگەیی دەتوانن زیاترمان لەبارەی ژیانی شانەدەر زێدەوە پێ بڵێن:
- شیکارییە کیمیاییەکان بە سترۆنتیۆم و کاربۆن و نایترۆجین ئەوەمان پێ دەڵێن کە لە کوێ گەورە بوون و چییان خوردووە.
- شیکاریی کلسی ددانەکان (توێژاڵە بەکانزابووەکانی بن ددان) لەلایەن د. ئاماندا هێنری، زانکۆی لەیدن و، د. تینا وارینەر ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکەن چ خواردنێکیان خواردووە و، لایەنەکانی تەندروستییان چۆن بووە و، هەروەها جۆری ئەو بەکتریایانە چین بوون کە لەناو دەمیان ژیاوە!
- پرۆتینەکانی ناو مینای ددان، کە لەلایەن د. فریدۆ وێلکەر لە زانکۆی کۆپنهاگن شیکاری بۆ کراوە، یارمەتیمان دەدات لەوەی کە بزانین داخۆ نێر یان مێ بووە.
- شیکاریی (DNA)ی کۆن لە ئەنجامداندایە و رەنگە تێڕوانینێکی تێروتەسەلمان لەسەر بنەچە و تایبەتمەندییە بایۆلۆجییەکانی دیکەمان پێ بدات. تا ئێستا، ئێمە تەنها (DNA)ی ئەو نیاندەرتاڵانەمان هەیە کە لەلای باکور و رۆژهەڵاتی ئەو شوێنەوە ژیاون. بۆیە، (DNA)ی شانەدەر زێد دەتوانێت تێگەیشتنی نوێی گرنگ بەدەستەوە بدات لەسەر ئەو ئامۆزا نزیکانەی گەشەسەندنمان.
سەبارەت بە پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر زیاتر بزانە
زیاتر بزانە سەبارەت بە دۆزراوەکانی پرۆژەکە، وەك ئەوەی کەشوهەوا چۆن بووە کاتێك مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هاوچەرخ ئەشکەوتەکەیان بەکار هێناوە و، هەروەها وەك جۆری ئەو بەڵگانەی لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە.
ئەو شوێنەوارناس و مرۆڤناس و زانایانە ببینە کە ئەزموونی خۆیانیان هێناوە یارمەتیمان بدەن لە تێگەیشتن لە ژیانی ئەوان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کاتێکی وەك دە هەزاران ساڵ پێش ئێستا.
بڵاوکراوەکان و، راگەیاندن و سەرچاوەکان
لێرەدا بڵاوکراوە زانستنی و گشتییەکانمان و چەند سەرچاوەیەکی دیکە لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ببینە