top of page

نیاندەرتاڵەکان کێ بوون؟

ئەشکەوتی شانەدەر بەوە دەناسرێت کە تێیدا ١٠ نیاندەرتاڵی ژن و پیاو و منداڵ دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی ٧٥،٠٠٠ بۆ ٤٥،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام نیاندەرتاڵەکان کێ بوون؟

ئامۆزا نزیکەکان

 

نیاندەرتاڵەکان هۆمینینین (کە گروپێکە مرۆڤ و گشت خزمە نزیکە گەشەسەندووەکانمان دەگرێتەوە) زۆر پەیوەندیدارن بە ئەم جۆرەی خۆمان، کە پێی دەووترێت مرۆڤی ژیر یان هاوچەرخ. نیاندەرتاڵەکان لە دەوروبەری ٤٠٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوەبەر لە ئۆراسیا پێگەیشتوون، لەکاتێکدا مرۆڤی ژیر لە دەوروبەری ٣٠٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریقیا پێگەیشتوون.

نیاندەرتاڵەکان رووبەرێکی جوگرافییانە لە باکوری وێڵزەوە بۆ سیبیریا داگیر کردبوو و، هەروەها لە کۆمەڵێك ژینگەدا بوون لە نێوان تەندرا (دەشتە ووشکە) ساردەکانی نزیکە پلێتە سەهۆڵە زەبەلاحەکانی باکوری ئەوروپا لە ماوەی سەردەمی بەستەڵەك، کە شۆڕ دەبێتەوە بۆ ئەو ژینگانەی کە گەرمترن وەك ئەمەی ئەشکەوتی شانەدەر. 

Neanderthal range.jpg

نەخشەکە دابەشبوونی جوگرافیی نیاندەرتاڵەکان نیشان دەدات. ئای. یولۆنگ، (CC BY-SA 3.0)، لە رێگەی ویکیمیدیای گشتی (Wikimedia Commons).

Hermann Schaaffhausen Neanderthal reconstruction.png

پێکەوەنانەوەی پاشماوەی نیاندەرتاڵێك لە ساڵی ١٨٨٨ لەلایەن هێرمان شافهۆسن بۆ نیاندەرتالەر فەند کە لەلایەن مارکوس بڵاو کرایەوە لە بۆن، ئەڵمانیا.

راگەیاندنێکی خراپ

نیاندەرتاڵەکان یەکەمجار وەك خزمی نزیكی مرۆڤ لە ساڵی ١٨٥٨ دانیان پێدا نرا، ئەمەیش دوای دۆزینەی چەند پاشماوەیەکی بەبەردبوو لە ئەشکەوتی فیڵدهۆفەر لە دۆڵی نیاندەر لە ئەڵمانیا، ناوی نیاندەرتاڵیش هەر لەوێوە وەرگیراوە ('تاڵ'یش وشەیەکی کۆنی ئەڵمانییە بە واتای 'دۆڵ'). ئەگەرچی پاشماوەی بەبەردبووی نیاندەرتاڵ پێشتریش لە ئانژی، لە بەلجیکا و لە ئەشکەوتی کانەبەردی فۆربس لە جەبەل تارق دۆزراونەتەوە، دەرك بە گرنگییەکەی نەکرا تا ئەو کاتەی پاشماوەی نیاندەرتاڵەکانی فیلدهۆفەر دۆزرایەوە و پێناسە کرا.

 

زۆر شرۆڤەی پێشووتری تایبەت بە نیاندەرتاڵەکان وەك 'ئەڵقەی وونبووی' نێوان مەیمون و مرۆڤی هاوچەرخ تەماشا دەکران. زۆربەی جاریش وەك شێوەیەك لە مرۆڤی ئەشکەوتنشینی نازیرەك (بێمێشك) و پشتکووڕ وێنا دەکران. لەگەڵ ئەوەی کە زیاتر لەبارەی نیاندەرتاڵەکان دەزانین و فێر دەبین، ئەوە زیاتر روون دەبێتەوە کە ئەم شێوە وێناکراوە هەڵەیە و شێوەیان زیاتر بە ئێمە دەچێت تا ئەوەی کە پێشتر بیری لێ دەکرایەوە. ئەوەی کە چەند هاوشێوەن هێشتا بابەتێکە جێی مشتومڕی توندە.

شێوەیان وەك چی بووە؟

نیاندەرتاڵەکان بە چەند خەسڵەتێکی تایبەتی ئێسکەپەیکەری تایبەتمەندن. بە بەراورد بە مرۆڤی هاوچەرخ، ئێسکەپەیکەریان بەهێزتر بووە لەگەڵ قەدی پانتر و کورت و پڕتر و، پەلی کورتتر و جەستەیەك لە ماسولکەی پڕتریان هەبووە. ئەمانە و چەند خەسڵەتێکی دیکەی وەك لووتی گەورەیان زۆر جار وەها لێکدەدرێت کە بە هۆی خۆگونجاندنیانەوە بێت لەگەڵ بارودۆخی ساردی سەردەمی بەستەڵەکی ئۆراسیا. لەگەڵ ئەوەشدا، شرۆڤە نوێیەکان خەسڵەتەکانی وەك لووتی گەورەتر دەداتە پاڵ رێژەی بەرزتری مێتابۆلیکییان بە هۆی ئەوەی کە ماسولکەی زیاتریان هەبووە.

 

نێوچاوانی نزم و بۆدواوە کشاوەیان و کەللـەسەری درێژیان وەها نیشان دەدات کە مێشکیان پێکهاتەیەکی کەمێك جیاوازتری لە هی مرۆڤی هاوچەرخ هەبووە کە کاسەیەکی شێوەی خڕتری مێشکیان هەیە؛ بەڵام ئەوەی کە ئەمە چی دەگەیەنێت سەبارەت بە رەفتار و توانای هزرییان هێشتا زۆر روون نییە. هەندێك لەو شێوە مرۆڤە هاوچەرخە زۆر سەرەتاییانەی وەك ئەوەی لە جەبەل ئیغود لە مەغریب دۆزراونەتەوە هەمان شێوەی مێشکی نیاندەرتاڵیان هەیە.

Neanderthal human skull comparison no label.jpg

کاسەسەری درێژ و نزم

ئێسکی پردی برۆییان گەورە بووە

بەرزیی ناوەڕاستی رووخسار

لووتی گەورە

شەویلگەی بەرز (پرۆگناتیسم)

نەبوونی چەناگە

گرێی پشتەوەی کاسەسەر

بەراوردێك لە نێوان کەللـەسەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ (لای چەپ) و مرۆڤی هاوچەرخ (لای راست) هەندێك خەسڵەتی بنەڕەتی نیشان دەدات. ئەمەیش لە کارێکی د. مایك باکستەر وەرگیراوە (CC BY-SA 2.0)، لە رێگەی ویکیمیدیای گشتی (Wikimedia Commons).

ئایا چۆن ژیاون؟

نیاندەرتاڵەکان راوچی و کۆکەرەوە بوون، بەو واتایەی کە لە یەك جێگادا نەماونەتەوە، بەڵکو بە مەبەستی کۆکردنەوەی رووکی جیاواز و راوکردنی ئاژەڵان بە ناوچەکاندا گەڕاون. وەها پێدەچێت لە گروپی لە خێزان گەورەتری وەك نزیکەی ٢٠ کەسی تێکەڵ لە کۆرپەڵە و منداڵ و مێردمنداڵ و کەسانی پێگەیشتوو و کەسانی پیر ژیاون. ئەوەی کە بە دروستی چییان خواردووە و ماوەی چەند جارێك لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە گواستویانەتەوە بە پێی ئەو ژینگەیەی تێیدا ژیاون گۆڕاوە، بەڵام بەڵگەی بەدەستهاتوو لە ئێسکەپەیکەرەکانیان ئەوە نیشان دەدات کە نیاندەرتاڵەکان ژیانێکی زۆر چالاك و پڕ جووڵە ژیاون.

شیکاریی کیمیایی ئەو ئێسك و ددانانە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بڕێکی زۆر گۆشتیان خواردووە بە هەمان شێوەی ئەوەی مرۆڤی هاوچەرخی سەرەتایی کردوویانە. پاشماوەی خۆراکە سووتاوە بەجێماوەکانی ناو ئاگردانەکان و چەند پارچەیەکی زۆر بچوکی خۆراك و پشکنینی (DNA)ی وەرگیراو لە بن ددانەکانیان وەها نیشان دەدەن کە چەندین جۆری خۆراکی دیکەیشیان خواردووە و تەنانەت خواردنەکانیان لێ ناوە. لە ژینگە دارستانییەکاندا، رژێمی خۆراکییان هەندێ خواردنی دیکەی وەك قارچکیشی تێدا بووە، لە کاتێکدا لەو ژینگانەی کە گەرمترن وەك ئەشکەوتی شانەدەر، گژوگیای کێوی و خورما و بزنە کێوی و کیسەڵیشیان خواردووە.

 

ئێمە دەزانین کە ئاگردانیان ساز کردووە، لەوانەیە بۆ خۆگەرمکردنەوە و ترساندنی ئاژەڵی دڕندە و هەروەها بۆ چێشتلێنان بووبێت و، بە دەگمەن بەڵگەی ئەوە دەبینین شێوە و پەیکەریان کێشابێت یان دروست کردبێت وەك ئەوەی لە ئەشکەوتی برونیکێل لە فەرەنسا تێبینی کراوە.

Le_Moustier.jpg

دروستکردنەوەی ئەو نیاندەرتاڵانەی لە ئەشکەوتی لی موستییە لە فەرەنسا، لەلایەن چارلس ر. نایت، ١٩٢٠.

کەرەستە و ئامرازەکانی نیاندەرتاڵەکان

نیاندەرتالەکان تەکنەلۆجیایەکی کەرەستە و ئامرازی بەردینیان بەکار هێناوە کە پێی دەڵێن ئامرازی موستیری یان ئامرازی دۆخی سێیەم. ئەمەیش بریتییە لە ئامادەکردنی تڵیشەی بەرد ('کرۆك'ی بەرد) بە جۆرێك کە چەندین جۆر و قەبارەی ئامرازی پێ بەرهەم بهێنرێت. مرۆڤی هاوچەرخی سەرەتایی، وەك ئەوانەی سخول و قەفزە لە ئیسرائیلی ئێستا، هەمان تەکنەلۆجیایان بەکار هێناوە.

 

هەرچەندە ئامرازیشیان لەو کەرەستانە دروست کردووە کە لەناو دەچن وەك دار کە بە دەگمەن دەمێنێتەوە، بەڵگەمان لەسەر ئەوە هەیە نیاندەرتاڵەکان رمی دارین و مێخی چاڵ هەڵکەندن و ئامرازی دیکەیشیان بەکار هێناوە. هەروەها ئامرازی بەردینیشیان تاشیوە و تیژ کردووە و لە سەری داری درێژیان بەستووە بۆ دروستکردنی شتێکی وەك رم و، هەروەها لە گەرمکردنەوەی شیرەی داری ئەسپیندار 'کەتیرە'یەکیان دروست کردووە پێی دەووترێت زەفت و، لەوانەیشە ریشاڵی رووەکی یان شریتیان لە چەرمی یان ژێی ئاژەڵیشیان بۆ بەستنی بەکار هێنابێت. سەرباری ئەوەش، نیاندەرتاڵەکان ئامرازیان لە ئێسك دروست کردووە و هەروەها رێشاڵی چنراوی رووەکیشیان بەکار هێناوە (ئەگەرچی بە دروستی نازانین چییان لە ریشاڵ دروست کردووە!)

 

بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی کە گروپە جیاوازەکانی نیاندەرتاڵەکان نەریت یان کەلتوری جیاوازی تەکەنەلۆژیایان هەبووە و، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگە ناوچەییە تایبەتەکان و بە گوێرەی بەردەستبوونی کەرەستە خاوەکان گۆڕانکارییان لەو نەریتانەش کردووە.

Middle palaeolithic stone tool.JPG

ئامرازێکی بەردینی موستیری لە ئەشکەوتی شانەدەر. وێنە: ئێما پۆمەرۆی

Neandertal_Jewelry_(from_PLoS).jpg

چڕنووکی هەڵۆی کلك سپی لە کراپینا لە کرواتیا کە بۆ ١٣٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. نیشانە بڕینەکان (تیرەکان) و ئەو بەڵگەیەی کە جۆرێك لە پەتیان هەبووە کە بە دەوری خۆیانیان پێچاوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رەنگە وەك خشڵ بەکار هاتبێت. وێنە: لوکا مێدا، زاگریب، (CC BY 4.0) لە ویکیمیدیا

گوزارشتکردن لە خود

ئێمە بە دڵنیایی نازانین داخۆ نیاندەرتاڵەکان توانیویانە قسە بکەن، بەڵام بەڵگەکان بە زۆری وەهای دەردەخەن کە توانیویانە. هەڵگری چەند گۆڕاوێکی دیاریکراوی جێنیتیکین کە ئێمە دەزانین لە مرۆڤی ئێستادا گرنگن بۆ قسەکردن و، هەروەها ئێسکی هاوەشێوەی ئێسکی ملی (ئێسکی لامی) مرۆڤی هاوچەرخیان هەبووە کە پەیوەندیدارە بە قسەکردنەوە. پێکهاتەی گوێیان وەها نیشان دەدات توانای بیستنی هەمان ئەو دەنگانەیان هەبووبێت کە مرۆڤی هاوچەرخ هەیەتی.

 

بەڵگەمان هەیە لەسەر ئەوەی کە نیاندەرتاڵەکان هەندێك جار هەندێك شتیان بۆ رازاندنەوەی خۆیان دروست کردووە وەك دەنکە سەدەفی کونکراو و چڕنووکی باڵندە نێچیرەکان کە بە پەتەوە بە خۆیانیان هەڵواسیوە (رەنگە وەك ملوانەیەك؟). لێکۆڵینەوەیەکی سەرەنجڕاکێش لە جەبەل تارقەوە ئەوە نیشان دەدات کە باڵندەی گەورەیان راو کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی کە پەڕی رەشیان هەبووە و پەڕەکانیان لە باڵی باڵندەکان کردووەتەوە. بەو پێیەی کە باڵی باڵندە گۆشتی پێوە نییە و، ئەوان جۆرە باڵندەیەکی دیاریکراوی رەنگاوڕەنگیان هەڵبژاردووە، زیاتر ئەوە دەخاتە روو ئەو پەڕانەیان بۆ مەبەستی خۆجوانکردن بەکار هێنابێت.

 

هەروەها چەند حاڵەتێکی کەمیش لەسەر ئەوە هەن کە پێی دەووترێت 'هونەری بەردین'، بەڵام ئەمانە بە گشتی بریتی بوون لە وێنەکێشانی سادە یان هێڵی هەڵکۆڵدراو و، بەڵام ئەمانە بە دروستی نابنە شتێکی وەك 'هونەری ئەشکەوتی' کە ئێمە دەیدەینە پاڵ مرۆڤی هاوچەرخی سەردەمی چاخی بەردینی کۆنی ژوورین لە ئەوروپا و وەك ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی وەك شۆڤێت لە فەرەنسا هەن. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کە مرۆڤی هاوچەرخی سەرەتایییش هەموو کات ئەم جۆرە هونەرەیان بەرهەم نەهێناوە!

ئایا ئاگاداری یەکدی بوون؟

لایەنێکی رەفتاری نیاندەرتاڵەکان کە قسە و باسی زۆری لەسەرە ئەوەیە کە داخۆ توانای دەربڕینی هەست و سۆز و چاودێریکردنی یەکدییان هەبووە یان نا لە کاتی نەخۆشی و برینداریدا. بەڵگەی بەدەستهاتوو لە ئەشکەوتی شانەدەر زۆر گرنگە بۆ ئەم باسە: شانەدەر ١ تووشی پێکانی سەخت بووە و لەگەڵ ئەم برینەدا بۆ چەندین ساڵ ژیاوە و، ئەو برینەی سەر سینگی شانەدەر ٣ کە دەستی بە ساڕێژبوونەوە کردووە، نیشاندەری جۆرێك لە گرنگیپێدان و چاودێریکردنە.

 

ژمارەیەکی زۆر لە نیاندەرتاڵەکان بەڵگەی برینی سەخت لەسەر سەر و جەستەیان هەیە کە ساڕێژ بوونەتەوە و وەها نیشان دەدەن کە ژیانیان رزگار کردبێت. هەندێ کەس باس لەوە دەکەن کە ئاستە سەختەکانی پێکان و برینداربوونیان ئاماژەیە بۆ شێوازە مەترسیدارەکانی راوکردنیان کە زۆر لە نێچیرەکانیان نزیك بوونەتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە مرۆڤی هاوچەرخی سەرەتاییش ئەوە دەخەنە روو کە ئەوانیش هەمان ئەو ئاستە سەختانەی برینداریان هەبووە و، ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە کە نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤەکانیش هەمان مەترسیی برینداربوونیان هەبووە. بۆیە، ئەم حاڵەتە ئەوە ناگەیەنێت کە نیاندەرتاڵەکان تەکنیکی مەترسیدارتریان بۆ راوکردن هەبووە.

Shanidar-1-skull-760x455.jpg
Shanidar 1 upper arm.jpg

لای چەپ: کەللـەسەری شانەدەر ١ کە برێنێکی گەورەی سارێژبووەوە لەسەر چوارچێوەی چاوی چەپی هەیە. لای راست: ئێسکی قۆڵی (نێوان ئانیشك و شان) شانەدەر ١. ئێسکی قۆڵی راستی (A) وەها دەردەکەوێت بە هۆی ئیفلیجبوونەوە سیس بووبێت، دوو شکانی ساڕێژبووی لەسەرە و وەها پێدەچێت لە سەرەوەی ئانیشکییەوە قۆڵی لەدەست دابێت یان بڕابێتەوە. ئێسکی قۆڵی چەپی (B) بە جوانی دەردەکەوێت. وێنە: ئێریك ترینکاوس.

شیوەنگێڕان بۆ مردوو

نیاندەرتاڵەکان چۆن بیریان لە مردن کردووەتەوە و داخۆ بە مەراسیم و دەربڕینی هەست و سۆز مامەڵەیان لەگەڵ مردووەکانیان کردووە، وەك ئەوەی لە مرۆڤی هاوچەرخدا دەیبینین، بۆ خۆی ئەمەیش بابەتێکە جێی قسە و باسی گەرمە. لە کاتێكدا باسەکان لەسەر ئەوە چڕ کراونەتەوە کە داخۆ مردووەکانیان ناشتووە یان نا، پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت کە زۆرێك لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤ مردوویان نانێژن، بەڵام مەراسیمی هێمایی دیکەیان بۆ مردوو هەیە وەك سووتاندن، بەمۆمیاکردن، یانیش جێهێشتنی تەرمەکەی بۆ ئەوەی لەلایەن گۆشتخۆر و تەرمخۆرەکانەوە بخورێن.

neanderthal-burial-scene-Shanidar-cave-520.jpg

پێکەوەنانەوەی شێوەی ناشتنی شانەدەر ٤ لەسەر رایەخێك لە گوڵ، وەك پرسێکی جێی مشتومڕ لەلایەن راڵف سۆلیکی و ئارلێت لیرۆی گوورهان باسی لەبارەوە دەکرێت. وێنە لەلایەن کارین کار، خاوەندارێتی وێنە بۆ پرۆگرامی رەچەڵەکی مرۆڤ، مۆزەخانەی نیشتمانیی مێژووی سروشتی، دامەزراوەی سمیسۆنیان

نیاندەرتاڵەکان چۆن بیریان لە مردن کردووەتەوە و داخۆ بە مەراسیم و دەربڕینی هەست و سۆز مامەڵەیان لەگەڵ مردووەکانیان کردووە، وەك ئەوەی لە مرۆڤی هاوچەرخدا دەیبینین، بۆ خۆی ئەمەیش بابەتێکە جێی قسە و باسی گەرمە. لە کاتێكدا باسەکان لەسەر ئەوە چڕ کراونەتەوە کە داخۆ مردووەکانیان ناشتووە یان نا، پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت کە زۆرێك لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤ مردوویان نانێژن، بەڵام مەراسیمی هێمایی دیکەیان بۆ مردوو هەیە وەك سووتاندن، بەمۆمیاکردن، یانیش جێهێشتنی تەرمەکەی بۆ ئەوەی لەلایەن گۆشتخۆر و تەرمخۆرەکانەوە بخورێن.

 

ئێستا بە فراوانی ئەوە قەبوڵ دەکرێت کە نیاندەرتاڵەکان بەشێك لە مردووەکانیان لە هەندێ جێگادا ناشتووە، وەك ئەوەی ئەشکەوتی شانەدەر. لە هەندێ شوێنی دیکەدا، بە شێوەی دیکەی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ مردووەکانیان کردووە. بۆ نمونە، لە کراپینای کرواتیا، ئێسکی چەندین نیاندەرتاڵ لەگەڵ یەکدیدا تێکەڵ بوون یان تێکەڵ کراون و، بەڵگەش لەسەر مرۆڤخۆری هەیە.

 

لە ئێستادا، لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە رەفتاری نیاندەرتاڵەکان سەبارەت بە مردن لەسەر ئەو جیاوازییانە چڕ دەبنەوە کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ مردووەکانیان کردووە و، هەروەها لەسەر ئەوەی کە ئەمە چۆن پەیوەندیی بە گروپ و، کات و، شوێنە جیاوازەکان و تایبەتمەندییەکانی خودی مردووەکان، وەك تەمەن و رەگەزیان هەبووە. ئەم جۆرە پرسیارانەیە کە پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر بە لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل لەسەر پاشماوەکانی نیاندەرتاڵی شانەدەر زێد و دۆخی ناشتنەکەیان لێیان وورد دەبێتەوە.

La_Qhina_18_Rekonstruktion,_Museum_Neanderthal.jpg

پێکەوەنانەوەی منداڵێکی نیاندەرتاڵ بە گوێرەی پاشماوەی بەبەردبووی لا کوینا ١٨. وێنە: فاهرتێنلیسەر، (CC BY 4.0)، ویکیمیدیا(Wikimedia Commons)

بەیەکگەیشتنی نزیك

پشکنینی (DNA)ی بەدەستهاتوو لە پاشماوەی بەبەردبووی نیاندەرتاڵەکان ئەوە دەردەخات کە مرۆڤی هاوچەرخ و نیاندەرتاڵ پێکەوە منداڵیان خستووەتەوە. ئەو خەڵکەی کە لە ئێستادا دەژین بە شێوەیەکی نمونەیی ١-٣٪ی کۆی (DNA)یان لە باوباپیرانی نیاندەرتاڵەوە هاتووە (ئەمەیش کەمتر لە دانیشتوانی ئەفریقیا تێبینی دەکرێت). لەگەڵ ئەوەی کە جینۆماتی نیاندەرتاڵەکان زیاتر پەیگیری و ئاشکرا کران، وێنەکە زیاتر ئاڵۆز بوو و، بەڵگەش هەیە لەسەر ئەوەی کە نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی هاوچەرخ لە چەندین ساتی جیاوازدا پێکەوە منداڵیان لە یەکدی هەبووە، زۆربەیشیان لە دەوروبەری ٦٥،٠٠٠ – ٤٥،٠٠٠ ساڵ لەمەوەبەر بووە.

 

بەو پێیەی کە مرۆڤی هاوچەرخ کە تەنها و بە شێوەیەکی بەردەوام لە زێدی بنەڕەتیی خۆیان لە ئەفریقیا لە دەوروبەری ٤٥،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەرەو ئەوروپا و پێدەچێت دەوروبەری ٨٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەرەو ئاسیا گەشە و زیادیان کردووە، روودانی وەچەخستنەوەی دووڕەگییە سەرەتاییەکان دەگەڕێتەوە بۆ جووڵەی پێشووتر و کاتییانەی مرۆڤی هاوچەرخ بۆ ئەوروپا. راستی ئەوەی کە پێشینەی نیاندەرتاڵییانە بە شێوەیەکی بەربڵاو لەناو مرۆڤی ئەم سەردەمەدا هەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم وەچەخستنەوە دووڕەگییانە لە باشوری رۆژئاوای ئاسیا روویان داوە کاتێك کە مرۆڤی هاوچەرخ لە ئەفریقیاوە هەڵکشاون.

نیاندەرتاڵەکان چییان بەسەردا هات؟

نزیکەی ٤٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش، کۆتا نیاندەرتاڵەکان لەناو چوون. هێشتا زانراو نییە بۆچی لەناو چوون و ئەمە پرسیارێکە لەلایەن لێکۆڵەرەوان باسی زۆری لەبارەوە کراوە. هاوکاتبوونی گەیشتنی یەكجاریی مرۆڤی هاوچەرخ بە ئەوروپا و دیارنەمانی نیاندەرتاڵەکان بە نزیکەیی لە هەمان سەردەمدا وەهای لە زۆر لێکۆڵەر کردووە باس لەوە بکەن کە ئەم رووداوانە پێکەوە گرێ دراون.

 

سەردەمانێك ئەم تێڕوانینە باو بووە کە نیاندەرتاڵەکان لەلایەن ئەو مرۆڤە هاوچەرخانەی کە ژیرتر و پێشکەوتووتر بوون لە رووی تەکنەلۆجییەوە لە کێبڕکێکە کراونەتە دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەم بۆچوونە زۆر پشتیوانی ناکرێت. ئێمە ئێستا دان بەوەدا دەنێین کە نیاندەرتاڵەکانیش ژیر و خۆگونجێنەر بوون، پاش ئەوەی سەدان هەزار ساڵ ژیاون و لە چەندین گۆڕانکاریی گەورەی ژینگەیی و کەشوهوایی قوتاریان بووە. ئەو بۆچوونەیشی کە گۆڕانی کەشوهەوا هۆکار بووبێت بە هەمان هۆ جێی گومانە و یەکلایی نییە.

 

لەوانەیە ئەو مرۆڤە هاوچەرخانەی بەرەو ئۆراسیا چوون لەگەڵ خۆیاندا نەخۆشی و پەتای وەهایان بردبێت کە نیاندەرتاڵەکان بەرگرییان نەبووە لە بەرانبەریاندا و، ئەمەیش بووبێتە هۆی لەناوچوونیان. دەتوانین لە مێژووی نوێتری مرۆڤیشدا ئەوە ببینین کە چۆن هۆکارە لەناوبەرەکان براونەتە ناو دانیشتوانێکی تایبەتەوە ، وەك ئەو لەناوچوونەی دانیشتوانی رەسەنی ئەمریکا بە هۆی ئەو نەخۆشییانەی لەلایەن خەڵکانی ئەوروپییەوە لە سەدەی پازدەیەم بەم لاوە بۆیان براوە. سەلماندنی ئەم تیۆرییە کارێکی زەحمەتە، چونکە پەتا سەختەکان بە دەگمەن شوێنەواری خۆیان لەسەر ئێسکەپەیکەر بەجێ دەهێڵن و، ئیسکەپەیکەرەکانیش سەرچاوەی سەرەکیی بەڵگەی ئێمەن لەسەر نیاندەرتاڵەکان.

Neanderthal human brain shape 2.jpg
Neanderthal human brain shape 2.jpg

مێشکی نیاندەرتاڵەکان (لە سەرەوە) درێژتر یان کێشراوتر بووە بە بەراورد بە هی مرۆڤی هاوچەرخ (لە خوارەوە)، ئەمەیش رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ جیاوازییان لە کرداری دەركکردن و فێربوون. وێنە: س. نیوباوەر و فیلیپ گەنز، پەیمانگای ماکس پلانك بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای گەشەسەندن (MPI EVA) لە لایپزیگ، (CC-BY-SA 4.0).

Neanderthal reconstruction.jpg

پێکەوەنانەوەی پیاوێکی نیاندەرتاڵ. وێنە: مۆزەخانەی نیاندەرتاڵ، (​CC BY 4.0)، ویکیمیدیا(Wikimedia Commons).

 

شیکارییەکانی (DNA)ی نیاندەرتاڵەکان ئەوە دەخەن روو کە هەمەجۆریی جینییان نەبووە و، ئەمەیش وای لێکردوون خەڵکانێکی سروشتی و فیتری بن. نەبوونی هەمەجۆریی جێنیتیکی یان بۆماوەیی دەتوانێت ئەو هاوچەشنییانە بخاتە بەردەم مەترسیی لەناوچوون لەبەر ئەوەی کە زیاتر دەکەونە بەر مەترسیی گۆڕاوە بۆماوەییە دەگمەن و کوشندەکان و، هەروەها ئەوەندە هەمەجۆریی بۆماوەیی و جێنیتیکییان نەبووە کە بە خێرایی خۆیان لەگەڵ ئاڵنگارییە نوێیەکان بگونجێنن. نەبوونی ئەم هەمەجۆرییە رەنگە بە هۆی ئەوەوە بووبێت کە دانیشتوان و کۆمەڵەی نیاندەرتاڵەکان لە بازنەی داکشاو و دابڕاودا بوون لەو کاتانەی کەش ساردتر بووە و، ئەمەیش وای لێ کردوون زیاتر لاواز بن بەرانبەر بە لەناوچوونیان.

میراتی نیاندەرتاڵەکان

روونکردنەوەکان هەرچییەك بن، هەرچەندە نیاندەرتاڵەکان ئێستا لەناوچوون، بە واتایەکی دیکە ئەوان ئێستا لە رێگەی (DNA)یانەوە لە ناخی زۆرێك لە ئێمە دەژین و، رەنگە هەمەجۆریی جیناتی نیاندەرتاڵەکان هەندێك ئاکامی گرنگی هەبێت. (DNA)ی نیاندەرتاڵەکان لەناو دانیشتوانی ئەم سەردەمەدا پەیوەستە بە کۆمەڵێك خەسڵەتی وەك ماسولکەی جەستە و، بەرگریی لەش و، هەروەها زیاتر ئەگەری ئەوەی کە رەنگە تووشی هەندێ دۆخی وەك خەمۆکی و نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بەرگریی خودیی جەستە بین هی ئەوە بێت. ئەوەی کە داخۆ نیاندەرتاڵەکان دووچاری ئەم جۆرە دۆخانە بوون زانراو نییە، چونکە ئێمە ناتوانین ئەوە بسەلمێنین داخۆ ئەم هەمەجۆرییە یان گۆڕاوە بۆماوەییانە بە هەمان شێوەی مرۆڤی هاوچەرخ کاری لە نیاندەرتاڵەکانیش کردووە.

زیاتر بزانە لەبارەی نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی شانەدەر

Solecki excavations.jpg

هەڵکۆڵینەکانی پێشوو

ئەو کارەی د. راڵف سۆلیکی و تیمەکەی کە لە ساڵانی ١٩٥١ بۆ ١٩٦٠ ئەنجامیان دا بیرۆکە باوەکانی پەیوەست بە مرۆڤی نیاندەرتاڵی رووبەڕووی ئاڵنگاری کردەوە و ئەشکەوتی شانەدەریشی خستە سەر نەخشە.

shanidar_recording.jpg

کۆتا لێکۆڵینەوەکان

زیاتر بزانە لەسەر ئەو کارانەی لە پرۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر ئەنجام دەدرێن، لە نێویشیاندا ئەو پاشماوانەی کە بە "شانەدەر زێد" دەناسرێن کە لە ساڵی ٢٠١٦ دۆزرانەوە و لە ئێستادا بابەتی توێژینەوە و ووتووێژن.

Shanidar Z skull.jpeg

شانەدەر زێد

زیاتر بخوێنەرەوە لەسەر دۆزینەوەی ئەو پاشماوانەی نیاندەرتاڵ کە بە "شانەدەر زێد (Z)" ناسراون و، هەروەها لەسەر لێکۆڵینەوەی بەردەوام لەسەر ژیان و مردنیان.

bottom of page